رووسیا لە نزیک سنووری ئۆکراینا دەستی بە مانۆڕی سەربازیی کرد

بە بەشداری زیاتر لە 10 هەزار سەرباز

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند کە لە نزیک سنوور لەگەڵ ئۆکراینا بە بەشداری زیاتر لە 10 هەزار سەرباز دەستیان بە مانۆڕی سەربازیی کردووە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ناوچەی سەربازیی باشوور سەربە وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە بەتالیۆنەکانی هێزی وشکانیی و یەکە سەربازییەکان لە دەریای رەش و کەشتیگەلی قەزوین لە چەندین مەیدانی مەشقکردن لە باشووری وڵات بەشدارن لەو مانۆڕەدا.

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە ''بە بەشداری زیاتر لە 10 هەزار سەرباز لە ناوچەکانی ڤۆلگۆگراد، ئەستراخان، ستاڤرۆپۆل، رۆستۆڤ و کراسنۆدار مانۆڕ ئەنجام دەدرێت. گرووپە تاکتیکییەکان شارەزا دەکرێن لەسەر شێوازەکانی ئۆپەراسیۆنی تاکتیکیی نوێ''.

بەهۆی گرژی نێوان رووسیا و ناتۆ لەسەر ئۆکراینا، دوێنێ لە بڕۆکسل کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

لە دوای کۆبوونەوەکە، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، ئەلێکساندەر گروشکۆ ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕوانی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەن لە ناتۆ سەبارەت بە داواکاری ئەمنیی رووسیا.