هه‌فته‌ی داهاتوو هه‌ساره‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌ نزیك زه‌ویدا تێده‌په‌ڕێ

 

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ئاژانسی ناسا بڵاوی كردۆته‌وه‌، هه‌فته‌ی داهاتوو هه‌ساره‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ نزیكترین خاڵدا به‌ نزیك زه‌ویدا تێده‌په‌ڕێ.

هه‌ساره‌كه‌ ناوی لێنراوه‌ (7482 1994 PC1) و خێراییه‌كه‌شی 70415 كیلۆمه‌تره‌ له‌ كاتژمێرێكدا و تێپه‌ڕینه‌كه‌شی له‌ته‌ك زه‌وی 2 ملیۆن كیلۆمه‌تر ده‌بێت.

ناسا ئاشكراشی كردووه‌ كه‌ قه‌باره‌ی هه‌ساره‌كه‌ بریتییه‌ له‌ 1100 مه‌تر، هه‌رچه‌نده‌ هیچ مه‌ترسییه‌كی بۆ سه‌ر زه‌وی نییه‌، به‌ڵام زاناكان به‌هۆی گه‌وره‌یی قه‌باره‌كه‌یه‌وه‌ هۆشدارییان داوه‌.

هه‌ساره‌كه‌ پێشتر له‌ ساڵی 1994 له‌لایه‌ن زانای فه‌له‌كناسی ڕۆبه‌رت ئیچ ماكنووت دۆزرابووه‌وه‌، ئه‌و كات ڕایانگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ له‌ ماوه‌ی 572 ڕۆژدا جارێك به‌ده‌وری ڕۆژدا ده‌خولێته‌وه‌، جه‌ختیش كرابووه‌وه‌ كه‌ مرۆڤ به‌ ڕێگه‌ی ته‌لیسكۆپ له‌ شه‌وێكی سامار و بێخه‌وشدا ده‌توانی ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ ببینێ.