تەندورستیی جیهانی: لە ماوەی 6 بۆ 8 ھەفتەدا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەورووپا تووشی ئۆمیکرۆن دەبن

بەڕێوەبەری ناوچەی ئەورووپای رێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO) ھانز کلوج، ئەوەی راگەیاند کە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بەراوورد لەگەڵ جۆرەکانی پێشوودا بە خێراتر و فراوانتر بڵاودەبێتەوە و ھۆشداریی لەوە دایەوە کە لە ماوەی شەش بۆ ھەشت ھەفتەدا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەورووپا تووشی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن.

هانز کلوج، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە لە یەکەم ھەفتەی ساڵی نوێدا لە ناوچەی ئەورووپای WHO، زیاتر لە حەوت ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیکرۆن دەستنیشان کراوە و ئەمە دوو ھێندەی حاڵەتەکانی تووشبوونە لە ھەفتەی پێشوودا.

بەڕێوەبەری ناوچەی ئەورووپای رێکخراوی تەندروستیی جیھانی ئەوەشی راگەیاند کە لە ئەورووپادا ھەفتانە زیاتر لە سەدا یەکی دانیشتووانی 26 وڵات، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە فشارێکی گەورە بۆسەر سستەمی تەندروستیی وڵاتەکان درووستبووە.

ھانز کلوج، جەختی لەوە کردەوە کە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بەراورد لەگەڵ جۆرەکانی پێشوویدا بە خێراتر و فراوانتر بڵاودەبێتەوە و بانگەوازی ئەوەی کرد کە دەبێت وڵاتەکان بەستنی دەمامکی کوالیتی بەرز لە شوێنە داخراوەکاندا بکەنە ناچاری.

بەڕێوەبەری ناوچەیی ئەورووپای رێکخراوی تەندروستیی جیھانی داوای ئەوەشی کرد کە دەبێت گرووپەکانی ژێر مەترسی بە کارمەندانی تەندروستی و بەساڵاچووەکانەوە لە پێشبن بۆ وەرگرتنی دۆزی پاڵپشتیی ڤاکسینی کۆرۆنا و گوتی:
"بەپێی پێشبینییەکانی پەیمانگای پێوانە و ھەڵسەنگاندنی تەندروستی (IHME)، لە ماوەی شەش بۆ ھەشت ھەفتەدا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەورووپا تووشی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن."