چوارچێوەی ھەماھەنگیی په‌نا ده‌باته‌ به‌ر دادگای فیدراڵیی

چوارچێوەی ھەماھەنگیی بڕیاری دا تانەی یاسایی لەسەر یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دادگای باڵای فیدراڵیی تۆمار بکات و رایگەیاند کە پێشێلکاریی یاسایی و دەستووریی لە دانیشتنەکەدا روویداوە.

چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە ژمارەیەک لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت دوای کۆبوونەوەی سەرکردەکانی کە تیایدا لەبارەی رەوشی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەران کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، گفتوگۆیان کردووە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا، ھەڵسەنگاندن بۆ رووداوەکانی دانیشتنەکەی رۆژی یەکشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە کە لە میانیدا بەڕوونی، پێشێلکاریی یاسایی و دەستووریی لە دانیشتنەکەدا روویداوە و بەھۆیەوە ھەندێک ئەنجامی لێکەوتەوە کە پشت بە بنەما دەستووریی و یاساییەکان نابەستێت".

لە میانی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی نوێنەرانی عێراق کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، کاندیدی ھاوبەشی فراکسیۆنی تەقەدوم و عەزم، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەدر، حاکم زاملی بە جێگری یەکەم و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردران.

لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە چوارچێوەی ھەماھەنگیی تانە لە دادگای فیدراڵیی تۆمار دەکات، ئەوەیش بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو گرفتە گەورەیەی کە لە یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەراندا روویدا.

چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقوق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.