لەئه‌مریکا یەکەم نەشتەرگەری چاندنی دڵی بەراز لە جەستەی مرۆڤدا ئەنجامدرا

لە نەخۆشخانەیەکی ویلایەتی ماریلاند باکووری رۆژھەڵاتی ئەمریکا، وەک کۆتا چارەسەر بۆ نەخۆشێکی تەمەن 57 ساڵ کە لە لێواری مەرگدا بوو، چاندنی دڵی بەراز ئەنجامدرا.

دەربارەی نەشتەرگەرییەکەش نەخۆشخانەی ماریلاند راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە بۆ یەکەمجار نەشتەرگەری چاندنی دڵی بەراز بۆ مرۆڤ ئەنجامدراوە و دوای سێ رۆژ لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەش رەوشی تەندروستیی نەخۆشەکە جێگیرە.

پزیشکەکانی سەنتەری پزیشکیی زانکۆی ماریلاند لە راگەیەندراوێکدا ئەوەیان خستووەتەڕوو کە سەلمێندراوە وەرگرتنی دڵ لە ئاژەڵێکەوە کە گۆڕانکاری لە جیناتەکانیدا کراوە، دەتوانێت سوود بە جەستەی مرۆڤ بگەیەنێت.

دکتۆر محەمەد محێدین، بەڕێوبەری پڕۆگرامی گواستنەوەی ئەندامی جەستەی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ لە زانکۆی ماریلاند رایگەیاند "ئەگەر ئەم نەشتەرگەرییە سەرکەوتووبێت ئەوا دەتواندرێت سوودێکی نەبڕاوە لە ئەندامانی جەستەی ئاژەڵ وەربگیردرێت".

لە ئەیلوولی 2021دا، ژمارەیەک لێکۆڵەر لە شاری نیویۆرک ئەوەیان ئاشکرا کردبوو کە بەگوێرەی چەند تاقیکردنەوەیەک، دەتواندرێت لە هەندێک جۆری بەرازەوە ئەندامی جەستە بۆ مرۆڤ بگوێزرێتەوە، بۆ سەلماندنی ئەم بیردۆزەش بەشێوەیەکی کاتی ریخۆڵەی بەرازێکیان خستبووە ناو جەستەی کەسێکەوە کە لە سەرەمەرگدا بوو، بینیبوویان کە ریخۆڵەکە دەستی بە کارکردن کردووە.