دووباره‌ پشێوی سه‌ربازی له‌نێوان ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینی ده‌ستی پێ كرده‌وه‌

 

وه‌زیری به‌رگریی ئازه‌ربایجان ئه‌مڕۆ سێشه‌م ڕایگه‌یاند، به‌هۆی ته‌قه‌كردن و هاوێشتنی مووشه‌ك‌ له‌لایه‌ن سه‌ربازانی ئه‌رمینیا‌وه‌ له‌سنووری نێوان هه‌ردوو وڵات سه‌ربازێكیان گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

زاكر حه‌سنووف وه‌زیری به‌رگریی ئازه‌ربایجان له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌: سه‌ربازێكمان گیانی له‌ده‌ستداوه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی ته‌قه‌كردن و هاوێشتنی مووشه‌كی سه‌ربازانی ئه‌رمینیاوه‌. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌جیاتی باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات، ئه‌رمینیا له‌سه‌ر سنوور ئاڵۆزی نوێی دروست كردووه‌ و به‌مه‌ش ده‌بێت به‌پرسیاره‌تی دروستكردنی ئه‌م ئاڵۆزییه‌ هه‌ڵبگرێ.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌رمینیا هه‌واڵه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌ و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تا سه‌ربازانی ئازه‌ربایجان به‌هۆی فڕۆكه‌ و چه‌كه‌وه‌ پشێویان دروست كردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ به‌لایه‌نی كه‌م 3 سه‌ربازیان بریندار بووه‌.

دوای ئه‌م لێدوانه‌ش وه‌زیری به‌رگریی ئازه‌ربایجان ڕه‌تی كرده‌وه‌ هیچ فڕۆكه‌یه‌كیان هه‌ڵساندبێت و مووشه‌ك و ته‌قه‌یان ئاراسته‌ی به‌رامبه‌ر كردبێت، ته‌ئكیدی كرده‌وه‌ كه‌ سوپای ئه‌رمینیا سه‌ره‌تا هه‌ڵساون به‌ دروستكردنی پشێوی و سه‌رئه‌نجام ناكۆكی له‌نێوانیان سه‌ری هه‌ڵداوه‌.