عێراق.. سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆدەبنەوە


سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە شەش لایەنی ناڕەزایی شیعە لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی تەواوکردنی گفتوگۆکان لەبارەی میکانیزمی دەست نیشان کردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ و پێکھێنانی کابینەی حکوومەتی داھاتوو لەگەڵ سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کۆدەبنەوە.
سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت رۆژی حەوتی ئەم مانگە، سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی سەردانی نەجەف بکەن و لە میانیدا لەگەڵ سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کۆببنەوە.
بەگوتەی سەرچاوەکە، سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی بە ئامانجی تەواوکردنی گفتوگۆکان لەبارەی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان و دەست نیشان کردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ، ھەروەھا پێکھێنانی کابینەی حکوومەتی داھاتوو لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆدەبنەوە.
رۆژی دووی ئەم مانگە، سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لەگەڵ سەرکردەی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کۆبوویەوە، بەڵام ھیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، بڵاونەکراوەیە.
چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقوق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت کە ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەت دەکەنەوە.
رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر کە بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان، زۆرترین کورسی بەدەستھێناوە ھەوڵدەدات حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی پێکبھێنێت کە ئەوەیش یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2005وە روودەدات، بەڵام پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینە لەلایەن ژمارەیەک لایەنی شیعە کە بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان، ژمارەی کورسییەکانیان کەمی کردووە، رەتدەکرێتەوە.
رۆژی 30ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەنجامە کۆتایییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگەیاند.