داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر بناری چیای قه‌ره‌چووغ و كوژراو و بریندار هه‌یه‌

 

ئه‌مشه‌و چه‌كدارانی داعش له‌ بناری چیای قه‌ره‌چووغ هێرشی كردۆته‌ سه‌ر دوو گوند و تا ئێستاش ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و ته‌قه‌ به‌رده‌وامه‌.

په‌یامنێری (كوردستان تیڤی) ڕایگه‌یاند: ئه‌مشه‌و و كه‌مێك پێش ئێستا چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر دوو گوندی بناری چیای قه‌ره‌چووغ، گونده‌كانیش بریتین له‌ خدرجه‌ی عه‌شیره‌تی بندیان سه‌ر به‌ ناحییه‌ی دیبه‌گه‌، گونده‌كه‌ی تریش لهێبانه‌‌‌.

په‌یامنێرمان هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌نێوان چه‌كدارانی داعش و خه‌ڵكی هه‌ردوو گونده‌كه‌ دروست بووه‌ و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش 3 هاووڵاتی گونده‌كان شه‌هیدبوون و چه‌ند هاووڵاتییه‌كی تریش بریندار بوون.

په‌یامنێری كوردستان تیڤی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ پێكدادانه‌كانی نێوان چه‌كدارانی داعش و خه‌ڵكی هه‌ردوو گونده‌كه‌ چه‌كی سووك و قورس به‌كارهاتووه‌.

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش به‌ڕێگه‌وه‌ن بۆ به‌هاناوه‌چوونی دانیشتووانی هه‌ردوو گوندی خدرجه‌ و لهێبان.

په‌یامنێری كوردستان تیڤی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ هاووڵاتییه‌ برینداره‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی بناری چیای قه‌ره‌چووغ به‌ره‌و هه‌ولێر به‌رێوه‌ن بۆ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی شاری هه‌ولێر.