ئەمریکا.. له‌ هێرشێكی چه‌كداریدا بۆ سه‌ر قوتابخانه‌یه‌ك سێ كه‌س كوژران


لە هێرشێکی چەکدارییدا بۆ سەرقوتابخانه‌یه‌كی ئامادەیی لە ویلایەتی میشیگانی ئەمریکا، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
ئۆفیسی پۆلیسی ناوچەی ئۆکلاند، بڵاوی کردەوە کە لە قوتابخانه‌ی ئامادەیی ئۆکسفۆرد، خوێندکارێک بە چەکەوە چووەتە ژوورەوە و شەش کەسی بریندار کردووە و سێ کەسیشی کوشتووە.
جێگری سەرۆکی ئۆفیسەکە، مایک مکابی، ئاماژەی بەوە کرد لە چەکی ئەو قوتابیه‌ی دەستگیرکراوە15-20 فیشەک دەرچووە، لە کاتی دەستگیرکردنیدا ئەنجامدەری هێرشەکە هیچ بەرگرییەکی نەکردووە.
مکابی باسی لەوە کرد کە ئەنجامدەری هێرشەکە رەتی کردووەتەوە قسە لەسەر هۆکاری ئەنجامدانی ئەو تاوانە بکات و، گوتی: بەو خاڵە گەیشتووین کە بە تەنیا ئەوەی کردووە.
ئەوەیش خرایەڕوو کە ئەنجامدەری هێرشەکە خوێندکارێکی تەمەن 15 ساڵانە کە خوێندکاری هەمان قوتابخانه‌یه‌.