6 لایەنی شیعە ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانیان ڕەتکردەوە


"چوارچێوەی ھەماھەنگی" کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت جگە لە رەوتی سەدر، ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان رەتکردەوە.
چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.
ئەو شەش لایەنە شیعەیە راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان لەبارەی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە :ئەنجامەکانی ئێستای ھەڵبژاردنەکان رەت دەکەینەوە، چونکە ھیچ گومان لەوەدا نییە کە کۆمیسیۆن پێشوەختە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکانی لەسەر حیسابی گەل ئامادە کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش ھاتووە: دووپاتیدەکەینەوە کە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و دەستەی دادوەریی بە جیددی و بەپێی یاسا، مامەڵەیان لەگەڵ دۆسیەی تانەکاندا نەکردووە، ئەو بەڵگانەیش کە لایەنە سیاسییەکان پێشکەشیان کردبوو، ئەوەیان سەلماند کە کۆمیسیۆن کارەکانی وەک پێویست ئەنجام نەداوە، ئەوەیش بەس بووە بۆ ئەوەی پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست ئەنجام بدرێت یان گۆڕانکاریی روون لە ئەنجامەکان رووبدات، لەوانە دژبەری کۆمیسیۆن لەبارەی رێژەی ھاوتابوون ھەبوو، ھەندێک کات باس لە گۆڕانکایی لە رێژەکان کردووە و دواتریش گەڕایەوە دووپاتیکردبوویەوە کە دەنگەکان سەد لەسەدا ھاوتان.
چوارچێوەی ھەماھەنگیی لە راگەیەندراوەکەدا جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گومانیان ھەیە لەسەر دەنگە پووچەڵەکان، ھەڵوەشاندنەوەی دەنگی ژمارەیەک وێستگە و پەنجەمۆری دووبارە، ئەمە وێرای تێبینییەکانی چاودێرانی خۆجێی و نێودەوڵەتیی و ھاتووە: " دیارترین بەڵگەش ئەوەیە "دەستەی دادوەریی، ژمارەیەک تانەی پەسندکردووە کە ھاوتابوون لەگەڵ ھەموو تانە رەتکراوەکان کە ئەمەش گومانی دروستکردووە لەسەر ئەوەی کە دەستەی ناوبراو مەرجەکانی دادپەروەریی جێبەجێَ نەکردووە و ملکەچی فشارەکانی ناوخۆیی و دەرەکیی بووە، ئەمە وێڕای ئەوەی بڕیاری پابەندبوونیان دەرکردووە بۆ سەرکەوتنی بەربژێرێک دواتر پەشیمان بووەتەوە، کە ئەمەیش گومانەکانمانی زیاتر کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە بەپێی بەڵگەی سەڵمێندراو، ساختەکاری لە ئەنجامەکان کراوە و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان رەتدەکاتەوە و ھاتووە :لە دادگای باڵای فیدراڵیی سکاڵا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵبژاردنەکان تۆمار دەکەین، ئومێد دەکەین دادگای باڵای فیدراڵیی دووربێت لە کاریگەرییەکانی سیاسی و بێلایەنانە و دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ جەماوەری عێراق بکات و دەنگانیان بپارێزێت.
بەپێی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان راگەیەندراوە، ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا 33 کورسی، ھاوپەیمانی فەتح 17 کورسی، ھێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی چوار کورسیان بەدەستھێناوە.