ئۆپەراسیۆن بۆ سەر پاشماوەکانی داعش لە پارێزگای سه‌لاحه‌ددین ده‌ستی پێكرد


ھێزە ئەمنییەکان عێراق و حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگای سەڵاحەددین باکووری ئەو وڵاتە، دەست پێ کرد.
دەستەی راگەیاندنی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی حەشدی شەعبی و ھێزە ئەمنییەکان عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان لە ناوچەی موعتەسەم باشووری شاری تکریت سەنتەری پارێزگای سەڵاحەددین، دەست پێ کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشە لە ناوچەکە.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی 2017دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی 2014دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.