5 حەشارگەی داعش لە کەرکووک خاپوور كرا


ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، پێنج حەشارگەی داعشیان لە پارێزگای کەرکووک باکووری ئەو وڵاتە خاپوور کرد.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لە کەرکووک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ھێزەکانی فیرقەی ھەشتی سوپا و فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵیی ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان لە ناوچەی دۆڵی چا باشووری پارێزگای کەرکووک ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، پێنج حەشارگەی داعش لە ناوچەکە دۆزراونەتەوە کە دواتر لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە خاپووکراون.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی 2017دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی 2014دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.