داعش هێرشی كرده‌ سه‌ر حه‌شد و كوژراوی لێكه‌وته‌وه‌


لە ئاکامی پەلاماری داعش بۆسەر خاڵێکی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەڵاحەددین ، چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژرا.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی راگەیاندنی حەشدی شەعبی، تیرۆریستانی داعش پەلاماری خاڵێکی حەشدی شەعبییان داوە لە ناوچەی موعتەسەم باشووری رۆژھەڵاتی قەزای سامەڕا سەربە پارێزگای سەڵاحەددین.
باس لەوەشکراوە کە ھێزەکانی حەشدی شەعبی بەرپەرچی پەلامارەکەیان داوەتەوە کە لە میانیدا، چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژراوە.
وێڕای ئەوەی ھێزە عێراقییەکان داعشیان لە ناوچەکان شکست پێ ھێناوە، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تا ئێستا بەردەوامن لەسەر پەلامارەکانیان بەتایبەت لە ناوچەکانی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەددین و ئەنبار.