سه‌رۆك وه‌زیرانی سوودان گه‌ڕایه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات

 

عه‌بدوڵا حه‌مدۆك سه‌رۆك وه‌زیرانی دوورخراوه‌ی سوودان دووباره‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی پێ درایه‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌ ڕێككه‌وتنێكی سیاسی كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له‌نێوان حه‌مدۆك و عه‌بدولفه‌تاح بوڕهان فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای ئه‌و وڵاته‌ ئیمزا كرا.

ڕێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له‌ كۆشكی كۆماری له‌ خه‌رتوومی پایته‌خت ئیمزا كرا، به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ش ده‌وڵه‌ت به‌ شه‌راكه‌ت له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی و عه‌سكه‌ری به‌ڕێوه‌ ده‌برێ ئه‌مه‌ش بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخی سوودان، هه‌روه‌ها بڕیاریشدرا ده‌ستووری سوودان كه‌ له‌ ساڵی 2019 داڕێژرابوو دووباره‌ هه‌مووار بكرێته‌وه‌.

دوای ئیمزاكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌، عه‌بدولفه‌تاح بوڕهان فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای سوودان بڕیاری پێشووتری خۆی به‌ دوورخستنه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران وڵات هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

هه‌ردوولا ڕێككه‌وتن سه‌رجه‌م ده‌ستگیركراوانی كوده‌تاكه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو ئازاد بكه‌ن، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ڕێككه‌وتن لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسییه‌ی كوژراو و بریندارانی ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌‌‌ بكرێ كه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ خه‌رتوومی پایته‌خت ببوونه‌ قوربانی.

حه‌مدۆك سه‌رۆك وه‌زیرانی سوودان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ پێیوایه‌ ئه‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی عه‌سكه‌ری سوودان بۆ مه‌ده‌نی ده‌گۆڕێ و سنوورێك ده‌بێت بۆ نه‌ڕشتنی زیاتری خوێنی سوودانییه‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و دیموكراسی.

جێی باسه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی ڕابردوو عه‌بدولفه‌تاح بوڕهان فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای سوودان كوده‌تای به‌سه‌ر عه‌بدوڵا حه‌مدۆك سه‌رۆك وه‌زیرانی سوودان كرد و دوای گرتنی كۆشكی كۆمار و ده‌ستگیركردنی وه‌زیران و زۆرینه‌ی به‌رپرسان، حكوومه‌تی سوودانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و حه‌مدۆكیشی نارده‌وه‌ ماڵه‌وه‌.