ئه‌مڕۆ 35 هه‌زار كه‌س له‌ به‌لجیكا خۆپێشاندانیان ئه‌نجام دا

 

وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر توندكردنه‌وه‌ی ڕێكاره‌كان و ناچاركردنیان بۆ ده‌رهێنانی ناسنامه‌ی ڤاكسینی كۆڕۆنا، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 35 هه‌زار كه‌س له‌ شاری بڕۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكا خۆپێشاندانیان ئه‌نجام دا.

پۆلیسی به‌لجیكا ئاشكرای كرد: له‌ خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مدا له‌ شاری بڕۆكسل 35 هه‌زار كه‌س هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، هێزه‌كانی پۆلیسیش ڕێگاكانیان له‌به‌رده‌م داخستن و خۆپیشانده‌رانیش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵیان دا ڕێگاكان بكه‌نه‌وه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌ به‌رد و دار په‌لاماری هێزه‌كانی پۆلیسیان دا.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: هێزه‌كانی پۆلیس ناچاربوون ڕشتنی ئاو و گازی فرمێسكڕێژ به‌كاربێنن بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران كه‌ زۆرینه‌یان گه‌نج و لاو بوون و كاری تێكده‌رانه‌یان ئه‌نجام ده‌دا.

ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی به‌لجیكاش بڵاویان كرده‌وه‌: به‌هۆی به‌كارهێنانی توندوتیژی و گازی فرمێسكڕێژه‌وه‌ چه‌ندان خۆپیشانده‌ر برینداربوون و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كران.

بڵاویشیان كرده‌وه‌: به‌هۆی پێكدادانی خۆپێشاندان و هێزه‌كانی پۆلیس، ماوه‌یه‌كی زۆر ڕێگاكانی هاتوچۆی سه‌نته‌ری شاری بڕۆكسل داخران و قه‌ره‌باڵغی زۆر بۆ هۆیه‌كانی گواستنه‌وه‌ دروستبوو.

ئه‌م خۆپێشاندانه‌ی هاووڵاتییانی به‌لجیكا دژی توندكردنه‌وه‌ی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی دژی كۆڕۆنا و هه‌روه‌ها ناچاركردنیان بوو به‌ ده‌رهێنانی بڕوانامه‌ ڤاكسین كه‌ به‌بێ ئه‌مه‌ هاووڵاتییان بۆیان نییه‌ بچنه‌ سه‌ر كاره‌كانیان و ڕوو له‌ خواردنگه‌ و یانه‌ وه‌رزشی و هۆڵه‌كانی سینه‌ما بكه‌ن.‌