پۆڵەندا ژمارەیەک کۆچبەر دەستگیر دەکات و دەیانگەڕێنتەوە بێلاڕووسیا

 

ژمارەیەک کۆچبەر شکستیان هێنا لە بەزاندنی سنووری پۆڵەندا و لە دوای چەندین هەوڵ دوورخرانەوە.

بەرپرسی پاسەوانی سنوورەکانی پۆڵەندا ڕایگەیاند، کۆچبەران توندوتیژییان بەکارهێناوە و بەرد و تەقەمەنیان فڕێداوەتە سەر پۆلیس کە ژمارەیان 200  کەس بووە، هەوڵیان داوە سنووری وڵاتەکە ببەزێنن و ڕووبکەنە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لەلایەن پاسەوانی سەر سنووری پۆڵەنداوە شکستییان پێ هێنراوە.

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات سەرەڕای توندوتیژییەکان هێزەکانی فریاگوزاری پۆڵەندا خێزانێکیان بردۆتە نەخۆشخانەیەکی نزیک سنوورەکە، بۆ چارەسەرکردنی کچە هەشت مانگەکەیان کە نەخۆش بووە.

هەروەها وەزیری بەرگری پۆڵەندا ڕایگەیاند کە پۆلیسی پۆڵەندا ستراتیژییەتی خۆی گۆڕیووە و گرووپە جیاوازەکان لە نزیک خاڵە سنوورییەکانی دووردەخاتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکیشدا سەرۆکی بێلاڕووسیا ڕایگەیاند کە پاسەوانە سنوورییەکانی وڵاتەکەی یارمەتی کۆچبەرەکانیان داوە بۆ ئەوەی بچنە پۆڵەندا.

جێی باسە زیاتر لە هەزار کۆچبەر لە سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسیا ماونەتەوە و بەدەست کەش و هەوایەکی ساردەوە دەناڵێنن، هیواخوازن پۆڵەندا ڕێگەیان بدات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە ڕووبکەنە وڵاتانی ئەوروپا.