كەتائیب حزبوڵڵا لە عێراق ھەڵوەشاندنەوەی باڵی چەکداری خۆی راگەیاند

کەتائیب حزبوڵڵا لە عێراق نزیک لە ئێران لە وەڵامی بانگەوازەکەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر، ھەڵوەشاندنەوەی باڵی چەکداری خۆی راگەیاند.

عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنی کەتائیب حزبوڵڵا، لە تویتێکدا نووسیوویەتی: " فەرماندەکانی کەتائیب حزبوڵڵا بڕیاریانداوە بە ھەڵوەشاندنەوەی ھێزی سەرایا بەرگریی مەدەنیی و ھەروەھا راگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی ھێزەکە و داخستنی بارەگاکانی".

ھێزی سەرایا بەرگریی مەدەنی لە ساڵی 2014دا بە ئامانجی شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لەلایەن کەتائیب حزبوڵڵا پێکھێنرا.

ئەبو عەلی عەسکەری راشیگەیاندووە کە چەکدارانی سەرایا بەرگریی مەدەنیی لەگەڵ چەک و تەقەمەنیان رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی کراون و نووسیوویەتی: "ئەم بڕیارە لە وەڵامی یەکێک لە سەرکردە لایەنە دۆستەکان دراوە کە داوای کردووە، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق ھەلبوەشێندرێنەوە".

دوێنێ ھەینی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھەڵوەشاندنەوەی لیوای یەومولمەوعود سەربە رەوتی سەدر و داخستنی بارەگاکانی راگەیاند و ئەوەیش وەک نیشاندانی نیازپاکی لە ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.