پزیشكێك چه‌ند رێنماییه‌ك ده‌داته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی په‌تا وه‌رزی ده‌بن

ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ په‌تایه‌كی ڤایرۆسی له‌ ناو هاووڵاتییان بڵاو بۆته‌وه‌، به‌ گشتی خه‌ڵك به‌شێوه‌ی توند ده‌یگرن و نیشانه‌كانی به‌شێوه‌ی گشتی بریتین له‌ پژمه‌، كۆكه‌، تاو و له‌رز، بێتاقه‌تی، قورگ ئێشه‌ ...هتد.

پزیشكی گشتی شێروان كۆساری چه‌ند رێنماییه‌ك ده‌داته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی ئه‌م په‌تا وه‌رزییه‌ ده‌بن:-

_ به‌كارهێنانی ده‌رمانی دژه‌ هه‌وكردن وه‌ك ئه‌مۆكسیلین، ئه‌زیسڕۆمایسین و ته‌واوی ئه‌نتیبایۆتییه‌كانی دیكه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پێویست ناكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رمانانه‌ بۆ هه‌وكردنی به‌كتریا به‌كاردێن بۆ هه‌وكردنی ڤایرۆس هیچ سوودێكی نییه‌.

_ هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن پزیشكه‌وه‌ دیاری ده‌كرێن و له‌گه‌ڵ هه‌وكردنه‌ ڤایرۆسییه‌كه‌ نه‌خۆش تووشی هه‌وكردنی به‌كتریایی ده‌بێت، له‌م كاته‌دا به‌كارهێنانی ئه‌نتیبایۆتیك ئاساییه‌.

_ یشانه‌كانی ئه‌م په‌تایه‌ زۆر له‌ نیشانه‌كانی كۆڕۆنا نزیكه‌ و جیاكردنه‌وه‌یان ئاسان نییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ نه‌خۆش ته‌نها ئامۆژگاری له‌ پزیشك وه‌ربگرێت.

_ به‌ به‌راورد له‌گه‌لأ كۆڕۆنا ئه‌م په‌تایه‌ خێراتر بڵاو ده‌بێته‌وه‌، زۆرجار یه‌ك كه‌س له‌ ئه‌ندامی خێزان نزیكه‌ی ته‌واوی ئه‌ندامه‌كانی دیكه‌ تووش ده‌كات له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا.

_ پێویسته‌ هه‌مان رێكاره‌كانی خۆپارێزی كۆڕۆنا بۆ ئه‌م په‌تایه‌ش په‌یڕه‌و بكرێت.

به‌م رێگایانه‌ خۆت چاره‌سه‌ر بكه‌:-

پشوودان، وه‌رگرتنی شله‌مه‌نی زۆر و پاراسیتامۆڵ، هه‌روه‌ها به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رزی تێكه‌ڵه‌ی (ڤۆڵتارین و دیكادرۆن) به‌كار مه‌هێنه‌، له‌وانه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت سوودی لێ ببینی، به‌ڵام دواتر ماكی زۆر مه‌ترسیدار له‌سه‌ر جه‌سته‌ به‌جێ ده‌هێڵێت.

 

ئا- كامران