هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی چوارەمی كۆڕۆنا لە عێراق ده‌درێت


وەزارەتی تەندورستیی و ژینگەی عێراق ھۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و داوایشی لە ھاووڵاتییان کرد کە پەلە بکەن لە وەرگرتنی ڤاکسین.

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە رێگای لیژنەکان و شارەزایانی بواری تەندروستییەوە، چاودێری رەوشی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیھان دەکەن و ھاتووە: لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە پەتای کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو لە ژمارەیەک وڵات زیادی کردووە بە تایبەتیش لە بەریتانیا و رووسیا.

لە راگەیەندراوەکەدا ھۆشداری دراوە لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ھاتووە: ئەگەری هەیە لە ئەنجامی پابەندنەبوونی ھاووڵاتییان بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی و وەرنەگرتنی ڤاکسین، رووبەڕووی شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ببینەوە.

ئەوەیش خراوەتەڕوو کە تاکە رێگا بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ وەرگرتنی ڤاکسینە لەلایەن ھاووڵاتییانەوە کە بەداخەوە تا ئێستا ھاووڵاتییان وەک پێویست ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و ھاتووە: داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین لە پێناو پاراستنی گیانی خۆیان و کەسوکاریان، پەلە بکەن لە وەرگرتنی ڤاکسین.

ئەمەیش لە کاتێکدایە تا ئێستا دوو ملیۆن و 46 ھەزار و 74 کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و لەو ژمارەیەش 22 ھەزار و 961 کەس گیانیان لەدەستداوە و یەک ملیۆن و 986 ھەزار و 578 کەسیش چاکبوونەتەوە.

تا ئێستا، پێنح ملیۆن و 559 ھەزار و 945 کەس لە عێراق ژه‌می یەکەم و دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.