كۆبوونه‌وه‌ی هێزه‌ ناڕازییه‌كان له‌ ماڵی مالیكی كۆتایی هات

 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م هێزه‌ شیعه‌ ناڕازییه‌كان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌ ماڵی نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی ياسا كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ شیعه‌كان كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق شكستی گه‌وره‌یان خواردبوو، به‌شداربوون جگه‌ له‌ ڕه‌وتی سه‌در و هاوپه‌مانی عه‌زم به‌ سه‌رۆكایه‌تی خه‌میس خه‌نجه‌ر.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، هێزه‌ شیعه‌ ناڕازییه‌كان به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و ڕووداو و پێشهاتانه‌ گفتوگۆكراون كه‌ ده‌یسه‌لمێنن كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ پڕۆسه‌ی ده‌نگدان و ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كاندا هه‌بووه‌‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بوونه‌ته‌ هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی پشێوی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ وڵاتدا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كۆكبوون له‌سه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و هه‌روه‌ها ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه‌ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ سه‌یركردنی تانه‌ یاساییه‌كان ده‌یگرێته‌به‌ر.

هێزه‌ شیعه‌ ناڕازییه‌كان داوایان له‌ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن كرد به‌ ڕێگه‌یه‌كی گونجاوتر سه‌یری تانه‌كان بكات و هه‌روه‌ها دووباره‌ ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان بۆ سه‌رجه‌م بنكه‌ و سندووقه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فافتر ئه‌نجام بدات و ئه‌و هه‌ڵانه‌ش كه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی به‌رایی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن كراوه‌، ڕاستبكرێنه‌وه.‌

هێزه‌ شیعه‌ ناڕازییه‌كان هه‌روه‌ها داوایان له‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق كرد ده‌ستوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆ له‌ كێشه‌كه‌ بكات، به‌و پێیه‌ی ئه‌و پارێزه‌ری ده‌ستووره‌ تا دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی خراپتر نه‌ڕوات.

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا سوپاس و پێزانین ئاراسته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كرا بۆ هه‌وڵه‌كانیان له‌ پاراستنی گیانی خۆپیشانده‌ران و داواش له‌ خۆپیشانده‌ران كرا به‌شێوه‌یه‌كی ئارام بێنه‌ سه‌ر جاده‌ و داوای دادگه‌ری و گه‌ڕانه‌وه‌ی مافه‌كان بكه‌ن.