کۆمپانیای فایزەر ڤاکسینی دژە کۆڕۆنای تایبەت بە منداڵان بەرهەم دەهێنێت

کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای بایۆنتیک ڤاکسینی تایبەت بە منداڵانی تەمەن 5-11 ساڵان لە مانگی 11 ئەمساڵدا دەخەنە بەردەست.

کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای بایۆنتیک توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە، 4 هەزار و 500 منداڵییان بە نموونە وەرگرتووە لە وڵاتەکانی ئەمریکا، پۆلەندا، فنلەندا و ئیسپانیا کە تەمەنیان لە نێوان 6 مانگ بۆ 11 ساڵ بووە، لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە پێدانی ڤاکسینەکە سەرکەوتوو بووە بە منداڵانی تەمەن 5-11 ساڵ.

کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی ڕایگەیاند: بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای بایۆنتیک جۆرە ڤاکسینێکی تایبەت بە منداڵانی تەمەن 5-11 ساڵانیان بەرهەمهێناوە و ڕێژەی کاریگەرییەکەی 90.7% بووە.

هەروەها ڕاشیگەیاند: بڕی ڤاکسینەکە بە ڕێژەیەکی کەمتر دەدرێت بە منداڵان و کاریگەرییەکەی 90.7% بووە دژی ڤایرۆسەکە، هەروەها لەلایەن دەزگای دەرمانی ئەمریکییەوە کاریگەرییەکەی سەلمێندراوە.

کۆمپانیاکە ڕایدەگەیەنێت: بڕی ئەو ڤاکسینەی کە بە منداڵانی تەمەن 5-11 ساڵ دەدرێت 10 مایکرۆگرام دەبێت، کە دەکاتە سێیەکی ئەو بڕەی کە بەکەسانی بە تەمەنتر دەدرێت.

هەروەها ڕاشیدەگەیەنێت: لەوانەیە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە ڤاکسینەکە بخرێتە بەردەست لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

جێی باسە، لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم ڤاکسینە، دەبێتە یەکەم ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا کە بۆ منداڵان بەکاربهێندرێت.