پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

پێشوازی لە پڕۆژە یاسای هەر دوو حزبی کۆماری و دیموکراتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ده‌كه‌م

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک بڵاودەکاتەوە و تێیدا  پێشوازی ده‌كات لە پڕۆژە یاسای هەردوو حزبی کۆماری و دیموکراتی كه‌ سەبارەت بە ڕێزگرتن لە یادی ئۆپەراسیۆنی نەوای ئارام و هاوبەشیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا پێشکەش کراوە.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی تشرینی یەکەمی 2021، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا پێشوازی لە پڕۆژە یاسای هەر دوو حزبی کۆماری و دیموکراتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد ڕایگەیاند:  پێشوازی لە پڕۆژەیاسای هەر دوو حزبی کۆماری و دیموکراتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەم، کە لە لایەن هاوڕێ سیناتۆرەکانمان "کریس ڤان هۆلین" و "مارکۆ ڕوبیۆ" سەبارەت بە رێزگرتن لە یادی ئۆپەراسیۆنی نەوای ئارام و هاوبەشیی بەهێزی نێوان  هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا پێشکەش کراوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا مەسرور بارزانی سوپاسی هەڵوێستی دۆستانەی ئەو حەوت ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەکات بۆ پشتگیریکردن و سپۆنسەرکردنی پڕۆژە یاساکە، کە ئەوانیش پێکهاتوون له‌ مایک وڵتز، جيم كوپەر ، كريس ستيوارت، جەیسن کرۆ ، دینا دیتەس، ئاندی کیم و دۆن باکۆن.

سەرۆکی حکوومەت لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: دەستێوەردانی مرۆیی و دیاریکردنی هەرێمی نەفڕین ، ژیانی خەڵکێکی زۆری لە مردن ڕزگار کرد، پاراستنی ئەو خەڵکە، لە پێناو پاراستنی ئەزموونی دیموکراسیمان زۆر پێویست بوو، کە بووە هۆی دروستبوونی دۆستایەتیی و هاوبەشییەکی بەهێز و مۆدێرن لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، ئەمڕۆ کوردستان هەرێمێکی ئارامە لە ناوچەیەکی ناسەقامگیردا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: دۆستایەتیمان لە سەر بنەمای بیروڕا و بۆچوونی هاوبەشەوە بنیاتنراوە، بە هیوای بەردەوامبوونی کارکردن و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوڕێکانمان لە حکوومەت و کۆنگرێسی ئەمریکا، لە پێناو بەهێزترکردنی ئەو دۆستایەتییە.