مەسرور بارزانی پێشوازی لە ڕاگەیاندراوی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات

 سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ڕاگەیاندراوی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئەمڕۆ هەینی 22 تشرینی یەکەمی 2021، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووتەوە داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر دەکات لە عێراق، لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا پێشوازی لە ڕاگەیاندراوەکەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

مەسرور بارزانی لە تویتەکەیدا نووسیوویەتی: پێشوازی لە ڕاگەیەندراوی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەم دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

هەروەها لە تویتەکەدا ئاماژە بەوەش دەکات، یارمەتییە تەکنیکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و تیمی چاودێرانی نێودەوڵەتیی و یەکێتی ئەوروپا و ئەوانی تر، یارمەتیدەربوون بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن.

جێی باسە، ئەمڕۆ هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، داوا دەکەن حکوومەتێکی گشتگیر لە عێراق پێکبهێنرێت و داواش لە لایەنەکان دەکەن ئارامی ئەو وڵاتە بپارێزن و ڕێز لەئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بگرن کە لە 10ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجامدرا .