كه‌شناسی هه‌رێم: پێشبینی ده‌كرێ تاوه‌باران و برووسك ڕوو بدات

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان كه‌شوهه‌وای پێشبینیكراوی شاره‌كانی هه‌رێمی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ڕه‌نگه‌ سبه‌ی شه‌موو تاوه‌باران و برووسك ڕوو بدات.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كه‌شناسی ئاشكرای كرد: ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ هه‌ر پێنج پارێزگاكه‌ی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، كه‌ركووك و هه‌ڵه‌بجه‌ ئاسمان ساماڵ ده‌بێت و پله‌كانی گه‌رما له‌نێوان 15 بۆ 30 پله‌ ده‌بێت.

ڕاشیگه‌یاند: بۆ سبه‌ی شه‌موو به‌یانییه‌كه‌ی ئاسمان به‌هه‌مانشێوه‌ ساماڵ ده‌بێت، به‌ڵام دوای نیوه‌ڕۆ له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكان ئاسمان ده‌گۆڕێ بۆ هه‌ور و نیمچه‌ هه‌ور.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها بڵاوی كرده‌وه‌: له‌ هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ شاخاوی و سنوورییه‌كان پێشبینی ده‌كرێ له‌ دوای نیوه‌ڕۆ تاوه‌بارانی كورتخایه‌ن و پچڕپچڕ ڕووبدات و هه‌روه‌ها برووسكه‌شی له‌گه‌ڵ بێت.