به‌هۆی بارانی به‌لێزمه‌وه‌ له‌ هیندستان هه‌شت كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

به‌هۆی ئه‌و بارانه‌ به‌لێزمه‌ی دوێنێ ویلایه‌تی كه‌راله‌ی باشووری هیندستانی گرته‌وه‌، لانیكه‌م هه‌شت كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و 12ی دیكه‌یش بێسه‌روشوێنن.

ئاژانسی Press Trust of India بڵاوی كرده‌وه‌ دوای ئه‌و بارانه‌ به‌خوڕه‌ی کە ویلایه‌تی كه‌راله‌ی گرته‌وه‌ كه‌ به‌ درێژایی رۆژ به‌رده‌وام بوو، لافاوی له‌ناكاو و رۆچوونی زه‌وی روویان دا.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ لایه‌نە په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ به‌ده‌ست گه‌یشتوون، به‌هۆی كاره‌ساته‌كه‌وه‌ لانیكه‌م هه‌شت كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوە و 12ی دیكه‌یش بێسه‌روشوێنن.

هێزی ده‌ستوه‌ردانی كاره‌ساتی نیشتمانیی و سوپای هیندستان پشتیوانی كاره‌كانی گه‌ڕان و پشكنین ده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنبزربووان .