مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکات

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا پێشوازی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکات و داوا لەھەموو لایەنەکان دەکات ئەوانەی تێبینیان ھەیە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تەنیا ڕێککاری یاسایی و شێوازی گونجاو بگرنەبەر بۆ سەلماندنی سکاڵاکانیان دوور لە زمانی هەڕەشە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2021، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردووەتەوە تێیدا ڕایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لەڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی رێکەوتی 10ـی 10ـی 2021ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە لە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئەنجام درا.

لە ڕاگەیاندراوەکە هاتووە: بەپێی یاسای کۆمسیۆن و لەپێناو سەلماندنی پاک و بێگەردی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، لەماوەیەکی دیارکراودا ھەموو لایەنێکی سیاسی بەشداربووی ھەڵبژاردنەکان مافی ئەوەیان ھەیە پەڵپ بگرن یان سکاڵا لەبەرامبەر ئەنجامەکان تۆمار بکەن.

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاشیدەگەیەنێت: داوا لەھەموو لایەنەکان دەکەین ئەوانەی تێبینیان ھەیە لەسەر ئەنجامەکان کە تەنیا ڕێککاری یاسایی و شێوازی گونجاو  بگرنەبەر بۆ سەلماندنی سکاڵاکانیان دوور لەزمانی ھەڕەشە و پشێوی نانەوە کە مەترسیە و ھەڕەشە لەئارامی وڵات دەکات، ھەروەھا داوایان لێ دەکەین دان بەخۆیان دابگرن و بەرژەوەندی گەل بخەنە سەرووی ھەموو ئیعتیبارێکەوە و ئەگەر ھەندێک تێبینی تەکنیکیش لەسەر پڕۆسەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان ھەبووبێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ھەڵبژاردنەکە پڕۆسەیەکی ئازاد و پاک بوو.

هەروەها مەکتەبی سیاسی پارتی لە ڕاگەیاندراوەکەدا سوپاسی تەواوی ھەوڵ و ماندووبوونی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و نێردەی «پاڵپشتی تەکنیکی» نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات و ھاوکات سوپاس و پێزانین ئاراستەی ھەوڵەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات، لە بەرامبەر دابینکردنی ئارامی و بارودۆخێکی ئەمنی گونجاو و سەرکەوتوو بۆ بەڕێوچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان.