پوتین: چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كانی‌ عێراق و سووریا ڕوو له‌ ئه‌فغانستان ده‌كه‌ن

سه‌رۆكی ڕووسیا هۆشداری دا له‌وه‌ی كه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌ستیان كردووه‌ به‌جێهێشتنی خاكی عێراق و سووریا به‌ره‌و ئه‌فغانستان.

ئه‌م قسه‌یه‌ی فلادیمێر پوتین سه‌رۆكی ڕووسیا له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی هه‌واڵگری كۆماری سۆفییه‌تی پێشوو دێت كه‌ تێیدا ڕایگه‌یاند: بارودۆخی ئێستای ئه‌فغانستان دوای هاتنه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌وپه‌ڕی خراپی و مه‌ترسیدایه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئه‌و چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌ به‌ ئه‌زموونانه‌ی كه‌ له‌ عێراق و سووریان ده‌ستیان به‌ گواستنه‌وه‌ بۆ ئه‌فغانستان كردووه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كاری تیرۆریستی و تێكده‌رانه‌.

پوتین پێشتریش چه‌ند جارێكی تر هۆشداری دابوو كه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌یانه‌وێ له‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌ به‌شێوه‌ی په‌نابه‌ر ڕوو له‌ وڵاتانی سۆفییه‌تی پێشوو بكه‌ن.

جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ ده‌بنه‌ هۆی نانه‌وه‌ی پشێوه‌ی له‌ وڵاتانی ئاسیای ناوه‌ڕاست كه‌‌ بنكه‌ی سه‌ربازی زۆری ڕووسیای تێدا هه‌یه‌.