شاخه‌وان عه‌بدوڵا سه‌ردانی خانه‌واده‌ی گیراوانی كه‌ركووك ده‌كات

 

شاخه‌وان عه‌بدوڵا كاندیدی براوه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری كه‌ركووك سه‌ردانی خانه‌واده‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی كرد كه‌ دوێنێ شه‌و له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شۆریجه‌ و ڕه‌حیماوه‌ له‌ شاری كه‌ركووك له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركرابوون.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا ڕایگه‌یاند: دوای ئازادکردنی گەنجانی نیشتماپەروەری شۆریجە و رەحیماوا و بردنەوەیان بۆ ناو کەسوکاریان، سەردانی خانەوادە بەرێزەکانیانمان کرد، هه‌روه‌ها دڵنیامان کردنەوە کە بەردەوام لەگەڵیان دەبین.

كاندیده‌ براوه‌كه‌ی پارتی له‌ شاری كه‌ركووك هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: سوپاس بۆ ماڵی بارزان و سەرکردایەتی پارتیمان بۆ پشتگیری بەردەوامیان لە کەرکووکییەکان .

درەنگانی شەوی ڕابردوو لیوای61ی عێراق 35 گەنجی کوردی لە گه‌ڕه‌كی شۆریجە و 29 گەنجی کوردی تریش لە ڕەحیماوە دەستگیر کرد و ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی نانه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێی خێزانی ده‌ستگیركراوان و هاووڵاتییانی گه‌ڕه‌كه‌ كوردنشینكانی شاری كه‌ركووك به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌م مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی به‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ كرد و دوای ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش‌ ڕاسته‌وخۆ سه‌رجه‌م گه‌نجه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی كه‌ركووك ئازاد كران.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌روه‌ها به‌ڵێنی به‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم دا كه‌ دۆخی شاری كه‌ركووك به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و گه‌ڕه‌كه‌ كوردنشینه‌كان به‌تایبه‌تی ئاسایی بكاته‌وه‌.

په‌یامنێری (كوردستان تیڤی) ئاشكرای كرد كه‌ ئێستا دۆخی شاری كه‌ركووك و به‌تایبه‌تیش گه‌ڕه‌كه‌كانی شۆریجه‌ و ڕه‌حیماوه‌ ئاسایی بۆته‌وه‌.

جێی باسە ڕووداوه‌كه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدابوو كه‌ شەوی ڕابردوو لە کاتی ئاهەنگێرانی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردن، چەند گێرەشێوێنێک کە کادیر و ئەندامی دەزگای ئەمنی لایەنێکی تر بوون، خۆیان خزاندبووه‌ نێو ئاهەنگە بە مەبەستی دروستکردنی ئاژاوە و پشێوی و هه‌روه‌ها چەکیان بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی و هێزەکان بەکارهێنابوو، ئەمەش سه‌رئه‌نجام ببووە هۆکاری ئەوەی سەدان گەنجی بێ تاوان له‌ شاری كه‌ركووك و به‌تایبه‌تیش له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شۆریجه‌ و ڕه‌حیماوه‌ دەستگیر بکرێن.