كه‌رتى گه‌شتوگوزاری ‌كوردستان له‌ په‌ره‌سه‌ندن دایه‌

كه‌ره‌تى گه‌شتوگوزار له ‌هه‌رێمى كوردستاندا گرینگییه‌كى گه‌وره‌ی پێ ده‌درێ تا ئه‌م كه‌رته‌ بوژانه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ و گه‌شتیاران له‌هه‌موو جیهانه‌وه‌ ڕوو له ‌هاوینه‌هه‌وار و شار و شوێنه‌واره‌كانى كوردستان بكه‌ن، چه‌ند ساڵێكیشه‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار چه‌ندین پلانى جێبه‌جێكردووه‌ بۆ په‌ره‌پێدانى ئه‌م كه‌رته‌.


 ئه‌مه‌ل جه‌لال سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار جه‌ختى له‌ ده‌سته‌به‌ركردنى هه‌لى كار ده‌كات له‌ ته‌واوى كه‌رته‌ گه‌شتوگوزارییه‌كان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌موو به‌ڕه‌یۆه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانى ڕاسپاردووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى ڕێژه‌ى 30% تا هه‌لى كار بۆ گه‌نجان و لاوانى هه‌رێمى كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكرێ.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م هه‌لیكاره‌ بۆ ده‌رچووانى زانكۆ و ئاماده‌ییه‌ پیشه‌ییه‌كان و به‌تایبه‌ت بۆ ده‌رچووانى به‌شه‌كانى گه‌شتوگوزاره‌ له‌هه‌ردوو ره‌گه‌ز، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو بۆ به‌دواداچوونى بڕیاره‌كه‌ له ‌كاتى پێدانى مۆڵه‌ت مه‌رجى 30% ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێ، هاوكات خولى تایبه‌تى بۆ پێگه‌یاندنى كادیرى ئه‌كادیمى گه‌شتوگوزار كردۆته‌وه‌. 

له ڕۆژى جیهانى گه‌شتوگوزاریشدا، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گشتیى گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌راوێزى كردنه‌وه‌ى پیشانگه‌ى گه‌شتوگوزار له‌ شارى دهۆك  له ‌لێدوانێكدا بۆ (كوردستان تیڤى) ڕایگه‌یاند: له‌م پیشانگه‌یه‌دا 130 كۆمپانیاى گه‌شتوگوزارى بیانى و ناوخۆیى به‌شدارى كردووه‌، ده‌مانه‌وێ شارى دهۆك ببێته‌ پایته‌ختى گه‌شتوگوزار له ‌هه‌رێمى كوردستان.

سه‌باره‌ت به ‌ڕێژه‌ى گه‌شتیاران له‌مساڵدا گوتی: هه‌رچه‌نده‌ن به‌هۆی په‌تاى كۆڕۆنا گه‌شتیار له‌ ‌هه‌موو جیهان كه‌می كردووه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان دواى تێپه‌ڕاندنى له ‌سه‌ره‌تاى ساڵه‌وه‌ 2.5 دوو ملیۆن و نیو گه‌شتیار ڕوویان له ‌كوردستان كردووه‌، به‌و واتایه‌ى هاتنى گه‌شتیاران 36% زیادی كردووه‌، تا كۆتایى ساڵیش ئه‌م رێژه‌یه‌ ده‌گاته‌ 3 ملیۆن گه‌شتیار.
باسی له‌وه‌شكرد كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یانه‌وێ كه‌رتى  گه‌شتوگوزار له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ پێش بخه‌ن بۆیه‌ چه‌ندین پلانى زانستى دانراوه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.