فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ زانیاری له‌سه‌ر هێرشی چه‌ند رۆژی ڕابردووی داعش له‌ مه‌خموور ئاشكرا ده‌كات

فه‌رمانده‌یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ مه‌خموور، زانیاری له‌سه‌ر هێرشی چه‌ند رۆژی ڕابردووی داعش له‌ سنووره‌كه‌یان ئاشكرا ده‌كات و ڕایگه‌یاند: به‌تالۆنێكی پێشمه‌رگه‌ ده‌برێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی داعش دزه‌ی لێوه‌ كردووه‌.

لیوا ئەرسەلان مام وسوو، جێگری به‌رپرسی میحوه‌ری مه‌خموور - گوێڕ، ڕاگه‌یاند: بریارمان داوه‌ به‌تالیۆنێكی هێزی پێشمه‌رگه‌ ببرێته‌ ئه‌و سنووره‌ی داعش دزه‌ی لێوه‌ كردووه‌ و له‌وێ جێگیر بكرێت، چونكه‌ داعش له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌ستی كردووه‌ به‌كرده‌ی سه‌ربازی شه‌ڕی پارتیزانی، سوودیشی له‌و بۆ شاییه‌ ئه‌منییه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ له ‌نێوان ئێمه ‌و سوپای عێراقدا هه‌یه.

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌، سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، به‌و پێیه‌ی نه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌چێته‌ سنووری سوپای عێراق، نه‌ ئه‌وانیش دێنه‌ سنووری پێشمه‌رگه‌، بۆشایی ئه‌منی له‌و نێوانه‌دا‌ دروست بووه‌.

ئه‌رسه‌لان مام وسوو، راشیگه‌یاند: داعش له‌شێوه‌ی گرووپ كار ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ 12 كه‌س تێناپه‌ڕن، به‌ گشتی له‌ قه‌ره‌چووغه‌وه‌ تا سه‌رگه‌ڕان نزیكه‌ی 300 چه‌كداری داعشی لێیه‌ و به‌شێكی زۆری كرده‌كانیان رفاندنه‌ و داوای پاره‌ ده‌كه‌ن".

فه‌رمانده‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بڕیارە دوو لیوای ھاوبەشی مەشقپێکراو بچنە ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام کاتی چوونیان دیاری نەکراوە، چونکە دۆخی عێراق گونجاو نییە، ئەمە بەندە بە کات و ئەوەی کە تا چەند بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی عێراق جێەجێ دەکرێن.