ئەیاد عەللاوی داوا لە ئەمریکا و ئێران ده‌كات شەڕی خۆیان لە عێراق دوور بخەنەوە

سەرۆکی هاوپەیمانیی بەرەی نیشتمانیی مەدەنی هۆشداری دەداتە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران.

پاش كشانه‌وه‌ی سیی هاوپه‌یمانی و لایه‌نی سیاسیی له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مشتومڕێكی گه‌رمتر له‌ ناوخۆی عێراق و ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق دروست بووه‌، هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌یاد عه‌لاوی رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ ئه‌مه‌ریكا و ئێران واز له‌ عێراق بێنن و دۆخی عێراق بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن گونجاو نیه‌.

ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی بەرەی نیشتمانیی مەدەنی داوای لە ئەمریکا و ئێران کردووە شەڕی خۆیان لە عێراق دوور بخەنەوە و رێگا بدەن عێراقییەکان خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.

ئەیاد عەللاوی پێی وایە رەوشی عێراق لەبار نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چونکە بارودۆخ تێکچووە و ژیانی عێراقییەکان کەوتوەتە بارودۆخێکی کارەساتبار و نازاین کێ بڕیار بەدەستە، سەرکردە و گەلی عێراق یان لایەنی دیکە، کە وێرانیی عێراقیان دەوێ.

ئەیاد عەللاوی رەخنەی لە دەستوەردانی ئەمریکا و ئێران گرتووە و رایگەیاندووە: بە چ مافێک لەبارەی هەڵبژاردنی عێراق و چارەنووسی گەلی عێراقەوە ئه‌م دوو وڵاتانه‌ قسە دەکەن، عەللاوی هۆشداریی داوەتە ئەمریکا و ئێران و داوای لێکردوون مەرگەسات و برینەکانی عێراق زیاد مەکەن، عێراقییەکان خۆیان باشتر پلان و بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆیانەوە دەدەن، لە ئاوی مەنگ بترسێن، چونکە کاتی هاتووە، ئەوە ئاگادارمان کردنەوە.

بڕیاره‌ له‌ 10ی ئۆكتۆبه‌ری 2021 هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق ئه‌نجام بدرێت.