تاكو ئێستا 145 فه‌ڵه‌ستینی به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

ژماره‌ی ئه‌و فه‌ڵه‌ستینیانه‌ی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ له‌ 10ی ئایاره‌وه‌ تا ئێستا به‌هۆی په‌لاماره‌كانی ئیسرائیل گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، گه‌یشته‌ 145 كه‌س.

ئه‌شره‌ف قودره‌ ،گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، له‌ میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ به‌هۆی دواین په‌لاماره‌كانی ئیسرائیل ته‌واوی ئه‌ندامانی 10 خێزان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

قودره‌، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ كۆی گشتی ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانانه‌ 38 كه‌س بووه‌ و له‌ نێویشیاندا 21 منداڵ هه‌بووه‌.

به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌، تا ئێستا 145 فه‌ڵه‌ستینی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌زار و 100 كه‌سیش برینداربوون.

ئه‌شره‌ف قودره‌، ئه‌وه‌شی وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ بوونی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی بریندار و ئاواره‌بوونی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ له‌ ئێستادا كه‌ په‌تای كۆرۆنا بڵاوه‌، مه‌ترسییه‌كانی گه‌وره‌تر كردووه‌.