كۆمكاری عه‌ره‌بی ئیدانه‌ی تاوانی جه‌نگ و ده‌ستدرێژییه‌كانی ئیسرائیل ده‌كات بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌

ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی داوای هه‌ڵوێست له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ و گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌كات.

ئه‌حمه‌د ئه‌بوغه‌یت ئه‌مینداری گشتی كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا داوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێكخراوه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كرد، به‌ به‌رپرسیارێتی خۆیان هه‌ڵبسن و بڕیارێك بده‌ن بۆ راگرتنی شه‌ڕ له‌فه‌له‌ستین و ده‌ستدرێژیه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌.

ئه‌بوغه‌یت راشیگه‌یاند، كۆمكاری عه‌ره‌بی ئیدانه‌ی تاوانی جه‌نگ و ده‌ستدرێژییه‌كانی ئیسرائیل ده‌كات بۆ سه‌ر گه‌لی فه‌له‌ستین و بۆردومانه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی بۆسه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پیلانی پاكتاوی ڕه‌گه‌زپه‌رستی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیله‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت به‌تایبه‌ت له‌ ئۆرشه‌لیم و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری.  

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی داوای له‌ دادگای باڵای تاوانه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی كرد به‌په‌له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی ده‌ستپێبكات و سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئیسرائیل كه‌ به‌رپرسن له‌ كوشتارگه‌ و تاوانه‌كانی جه‌نگ و مرۆڤایه‌تی دادگایی بكات و یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان جێبه‌جێبكات.

به‌گوێره‌ی دواین ئاماری شه‌ڕ و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی نێوان ئیسرائیل و فه‌له‌ستینیه‌كان كه‌ له‌ شه‌شی  ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، گه‌یشتوه‌ته‌ سه‌د و سی و نۆ كه‌س و له‌نێویاندا سی و نۆ منداڵ هه‌یه‌.