سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوزاى له‌ سه‌رۆكى (UNITAD) ده‌کات

سه‌رۆكى تیمى نێوده‌وڵه‌تیى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ په‌رۆشیی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌دیهێنانی دادوه‌ری، هه‌روه‌ها بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى لایه‌ن و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى.

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/4/19 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز كه‌ریم خان ڕاوێژكارى تایبه‌ت و سه‌رۆكى تیمى نێوده‌وڵه‌تیى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانى داعش (UNITAD) كرد كه‌ بۆ ماڵئاوایى به‌بۆنه‌ى كۆتاییهاتنى ئه‌ركییه‌وه‌، سه‌ردانى به‌ڕێزیانى كردبوو.

له‌ دیدارێكدا نێچیرڤان بارزانى وێڕاى سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى له‌ ماوه‌ى‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا پێشكه‌شى كردووه‌، پێزانینى بۆ هه‌وڵه‌كانى له‌ كۆكردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌كانى كردار و تاوانه‌كانى داعش‌ و به‌دواداچوونیان دووپات كرده‌وه‌ و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌رك و كارى تازه‌یدا بۆ خواست كه‌ وه‌ك داواكارى گشتیى نوێى دادگاى نێوده‌وڵه‌تیى تاوان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ كه‌ریم خان سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ په‌رۆشیی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌دیهێنانی دادوه‌ری، هه‌روه‌ها بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى لایه‌ن و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى كه‌ له‌ ماوه‌ى كاركردنیدا له‌سه‌ر كه‌یسى لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونى تاوانه‌كانى داعش پێشكه‌ش به‌ خۆى و تیمه‌كه‌ى كراوه‌ و هیواى خواست ئه‌نجامى كار و ئه‌ركیان به‌ سزادانى تاوانباران و به‌دیهاتنى دادوه‌رى بۆ قوربانیان بگاته‌ ئه‌نجام.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون که‌ دادگاییکردنی تاوانباران په‌یامێکی به‌هێزه‌ بۆ هه‌موو تاوانباران له‌ هه‌ر کوێیه‌ک بن بۆ ئه‌وه‌ش بوونی یاسایه‌کیان بۆ دادگاییکردن له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌ پێویست زانی، هه‌روه‌ها جه‌ختیان کرده‌وه‌ که‌ قوربانیان له‌ هه‌موو پێکهاته‌کان به‌ ئێزدی و مه‌سیحی و هه‌مووانی دیکه‌وه‌، چاوه‌ڕێی به‌دیهاتنی دادوه‌رین، نیگه‌رانیی خۆیشیان نیشان دا که‌ هێشتا مه‌ترسی و ژینگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی توندڕه‌وی هه‌یه‌ و ده‌بێ له‌ڕووی په‌روه‌رده‌یی و کولتوورییه‌وه‌ کاری جددی له‌سه‌ر بکرێت.

دوایین هه‌نگاوه‌كانى كار و ئه‌ركى (UNITAD)، نووسینگه‌یه‌کی یوونیتاد له‌ هه‌ولێر که‌ بڕیاره‌ سبه‌ی بکرێته‌وه‌، دۆخى قوربانییان و ڕزگاربووانى ده‌ستى داعش به‌تایبه‌تى خوشك و برایانى ئێزدى، گرنگیى هاریكارى و پشتگیریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق بۆ سه‌ركه‌وتنى كار و ئه‌ركى تیمه‌كه‌ و جێگره‌وه‌که‌ی، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.