بایدن: تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ هێنده‌ ڤاكسینمان له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێت كه‌ به‌شی هه‌موو ئه‌مریكییه‌ك بكات

حكوومه‌ته‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ په‌تاكه‌ی به‌ سووك وه‌رگرتبوو

جۆ بایدن ،سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ تا كۆتایی مانگی ئایار، هێنده‌ ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێت كه‌ به‌شی هه‌موو ئه‌مریكییه‌ك بكات.

جۆ بایدن له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا له‌ كۆشكی سپی باسی له‌ په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و كاره‌كانی ڤاكسیندان كرد دژ به‌و ڤایرۆسه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا.

سه‌رۆكی ئه‌مریكا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ په‌تاكه‌ی به‌ سووك وه‌رگرتبوو و رایگه‌یاند: ''پێشوه‌چوون له‌ رێگای ئاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ تۆمار ده‌كه‌ین كه‌ وه‌ك میرات له‌ باره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌''.

جۆ بایدن ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی بواری به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان میرك ئاند كۆ، جۆنسن ئاند جۆنسن كه‌ كۆتایی هه‌فته‌ په‌سه‌ندكران، ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ به‌رهه‌مده‌هێنن.

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن پێشتر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ تا كۆتایی مانگی ته‌مووز ئه‌وه‌نده‌ ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان ده‌بێت كه‌ به‌شی هه‌موو ئه‌مریكییه‌ك بكات و گوتی: ''له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئێستا له‌ باره‌ی به‌رهه‌م ناومانه‌، تا كۆتایی مانگی ئایار هێنده‌ ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێت كه‌ به‌شی هه‌موو ئه‌مریكییه‌ك بكات''.

جۆ بایدن جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ن بۆ هه‌رچی زووه‌ كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان و رایگه‌یاند ''ئێمه‌ ده‌خوازین هه‌ر راهێنه‌رێك، كارمه‌ندی قوتابخانه‌ و باخچه‌ی ساوایان تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ لانیكه‌م یه‌ك دۆز ڤاكسینیان لێبدرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ داوا له‌ ویلایه‌ته‌كان ده‌كه‌م پێشینه‌ی كاره‌كه‌ بده‌نه‌ ئه‌و گرووپی كارانه‌''.

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌مووان ئاگاداری ده‌مامك به‌ستن، په‌یڕه‌وكردنی دووره‌په‌رێزی كۆمه‌ڵایه‌تی و پاك وخاوێنی بن و گوتی: ''له‌ كۆتایی تونێله‌كه‌دا رووناكی هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موو شتێك كۆتایی نه‌هاتووه‌. ئێستا كاتی ئه‌وه‌ نییه‌ رێنمایی و پارێزییه‌كان وه‌لابنێین''.