جۆن كیربی: سوپای ئه‌مریكا ته‌نها بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ سووریایه‌

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا، ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ سوپای ئه‌مریكا ده‌سه‌ڵاتی دابینكردنی ئاسایشی بۆ ئه‌و كۆمپانیا و كارمه‌ندانه‌ نییه‌ كه‌ له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا به‌دوای نه‌وتدا ده‌گه‌ڕێن.

جۆن كیربی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا له‌ میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا و له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی ئاماده‌یی سوپای ئه‌مریكا له‌ سووریا، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ سوپای وڵاته‌كه‌ی ته‌نها بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له‌ سووریا-یه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا، جۆن كیربی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی "ئایا تا ئێستا ئه‌مریكا یه‌ده‌گه‌كانی نه‌وتی ژێر ده‌سه‌ڵاتی چه‌كدارانی یه‌په‌گه‌، پاراستوه‌ یان نا"، رایگه‌یاند: جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی سنووردار بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیارییكراو، كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌یان نییه‌ پشتیوانی ئه‌و كۆمپانیا و كارمه‌ندانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ هه‌وڵی فراوانكردنی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وتی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا-ن.

جۆن كیربی باسی له‌وه‌شكرد كه‌ له‌ئێستادا، 900 سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ سووریا-ن و گوتی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی یه‌په‌گه‌، به‌ره‌نگاری داعش ده‌بنه‌وه‌، ئێمه‌ یارمه‌تییان ده‌ده‌ین، ناتوانم چه‌ندێتی و چۆنییه‌تی ئه‌م یارمه‌تییه‌ بخه‌مه‌ڕوو، به‌ڵام له‌ناو هاوپه‌یمانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشدا، یه‌په‌گه‌-ش هه‌یه‌.