ئیسرائیل هێرشی مووشه‌كی كرده‌ سه‌ر‌ میلیشیاكانی ئێران له‌سووریا

رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ ئیسرائیل هێرشی مووشه‌كی كردووه‌ته‌ سه‌ر پارێزگای قونه‌یترا باشووری سووریا.

ئاژانسی هه‌واڵیی فه‌رمی رژێمی ئه‌سه‌د "سانا"، به‌پشت به‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییه‌كان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ كاتژمێر ١٠:٤٢ به‌ كاتی ناوخۆ، ئیسرائیل هێرشی مووشه‌كی كردووه‌ته‌ سه‌ر پارێزگای قونه‌یترا.

له‌ ھه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌ ''سیستمه‌كانی به‌رگریی ئاسمانییمان به‌رپه‌رچی مووشه‌كه‌كانی داوه‌ته‌وه‌ و زۆربه‌یانی خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌''.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ زیانی ماددی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

له‌ پارێزگای قونه‌یترا له‌ پاڵ سوپای رژێم گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانی ژێر فه‌رمانی سوپای پاسدارانی ئێران هه‌ن.

له‌ ساڵی 2011ه‌وه‌ تا ئێستا له‌وه‌ته‌ی شه‌ڕی ناوخۆی سووریا ده‌ستی پێكردووه‌، ئیسرائیل ناو به‌ ناو هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر گرووپه‌كانی ئێران و خاڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی سه‌ربه‌ رژێم.