نۆ هاووڵاتی كه‌ به‌هۆی به‌فر و ره‌هێڵه‌وه‌ گیریان خواردبوو رزگار كران

به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆلی به‌فربارین و هه‌ڵكردنی ره‌هێڵه‌یه‌ی قه‌زای چاڵدێران'ی له‌ پارێزگای وان له‌ كوردستانی توركیای گرتووه‌ته‌وه‌، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی به‌ ئۆتۆمبێله‌كانیانه‌وه‌ له‌نێو به‌فردا گیریان خوارد و له‌لایه‌ن تیمه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ تواندرا رزگار بكرێن و بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ ماڵه‌كانیان.

دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ی تیمه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌وه‌ی كه‌، نۆ كه‌س له‌نێو چوار ئۆتۆمبێلدا له‌ گوندی كویوجاكی خواروو گیریان خواردووه‌، تیمه‌كان له‌ ماوه‌ی چوار كاتژمێردا به‌فری كه‌ڵه‌كه‌بووی سه‌رشه‌قامه‌كه‌یان راماڵی و رێگاكه‌یان به‌ رووی هاتوچۆدا كرده‌وه‌.

له‌و میانه‌یه‌دا تیمه‌كان ئۆتۆمبێله‌ گیرخواردووه‌كانیان هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ و، نۆ هاووڵاتییه‌كه‌یشیان گه‌یانده‌ ماڵه‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هاووڵاتییه‌ك به‌ ناوی یاسین ده‌ده‌ له‌ كاتێكدا ویستبووی منداڵه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته‌ نه‌خۆشخانه‌ كه‌ ره‌وشی ته‌ندروستی تێك چووبوو، به‌هۆی ره‌هێڵه‌وه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌ رێگا ده‌رچووبوو. دواتر تیمه‌كان گه‌یشتنه‌ فریای ئه‌و دوو هاووڵاتییه‌، ئۆتۆمبێله‌كه‌یان ده‌رهێنایه‌وه‌ و، یاسین ده‌ده‌ و منداڵه‌كه‌یشیان گه‌یانده‌ نه‌خۆشخانه‌.