ئه‌م ئێواره‌یه‌ عێراق له‌گه‌ڵ ئیمارات یاری هه‌یه‌

له‌ یاریه‌كی دۆستانه‌ی ئاماده‌كاری تۆپی پێدا، كاتژمێر شه‌ش و سی خوله‌كی ئێواره‌ی ئه‌مرۆ 12 ى 1 ى 2021،  ئێواره‌ به‌كاتی هه‌ولێر، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ده‌بێته‌ میوانی هه‌ڵبژارده‌ی ئیمارات و یاریه‌كه‌ش له‌ یاریگای یانه‌ی وه‌سڵ له‌ دوبه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
 هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ له‌ ئاماده‌كاریدان بۆ پاڵاوتنی هاوبه‌شی مۆندیالی دووهه‌زاروبیستودووی قه‌ته‌رو جامی ئاسیای دووهه‌زاروبیستوسێی چین، بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ یاریه‌ دۆستانه‌كه‌ شاندی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق گه‌یشته‌ دوبه‌ی و ده‌ستی به‌ یه‌كه‌ی ڕاهێنان كرد.
 سریچكۆ كاتانیچی سلۆڤینی و ڕاهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بیستوچوار یاریزانی بۆ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ی ده‌ستنیشانكردووه‌و چوار یاریزان بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ ڕیزی هه‌ڵبژارده‌كه‌ یاری ده‌كه‌ن، جێگای باسه‌ یاریه‌كانی پاڵاوتنی هاوبه‌شی مۆندیالی قه‌ته‌رو جامی ئاسیا له‌ مانگی ئاداری داهاتوو ده‌ستپێده‌كاته‌وه، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ پێشه‌نگی ڕیزبه‌ندی گڕوپی سێیه‌می پاڵاوتنه‌كان دایه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی یازده‌ خاڵ، هه‌ڵبژارده‌ی ئیماراتیش به‌ شه‌ش خاڵ له‌ پله‌ی چواره‌می ڕیزبه‌ندی گڕوپی حه‌وته‌م دێت.