ڤیدیۆ.. ئێران وێنه‌ی ئه‌و ناوه‌نده‌ مووشه‌كییه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌ كه‌ناری كه‌نداوی به‌سڕه‌ دروستی كردووه‌

سوپای پاسدارانی ئێران، وێنه‌ی ئه‌و ناوه‌نده‌ موشه‌كییه‌ی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ له‌ پارێزگای هورموزگان و له‌ ژێر زه‌وی كه‌ناری كه‌نداوی به‌سڕه‌ دروستكراوه‌.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی كه‌ناڵی فه‌رمی حكوومه‌تی تاران، له‌ رێوڕه‌سمێكدا به‌ به‌شداری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران، حسێن سه‌لامی ناوه‌نده‌كه‌ به‌ڕووی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندا كرایه‌وه‌ و له‌ ده‌روازه‌ی ناوه‌نده‌كه‌شدا ئاڵای ئه‌مریكا و ئیسرائیل له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌ كێشراون.

سه‌لامی، له‌ میانه‌ی گوته‌یه‌كدا باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ناوه‌نده‌ مووشه‌كییه‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ناوه‌ندانه‌ی ئێران كه‌ له‌ژێر زه‌ویدا دروستكراون و ده‌كه‌وێته‌ كه‌ناری كه‌نداوی به‌سڕه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و خاڵانه‌ی ئێران و ئه‌مریكا كێشه‌یان له‌سه‌ری هه‌یه‌.

فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌م ناوه‌نده‌ نوێیه‌ شوێنی عه‌مبار كردنی مووشه‌كه‌كانی هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانه‌ و رایگه‌یاند: "ئه‌م مووشه‌كانه‌ توانای بڕینی سه‌دان كیلۆمه‌تریان هه‌یه‌، له‌ هه‌مان كاتدا هێزێكی گه‌وره‌ی وێرانكارییان هه‌یه‌ و تایبه‌تمه‌ندی تێكدانی ئامێره‌كانی شه‌ڕی ئه‌له‌كترۆنی دوژمنیان هه‌یه‌".

جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ پێشتر و له‌ ٦ی ته‌مووزی ٢٠٢٠ دا یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسداران به‌ناوی عه‌لی ره‌زا ته‌نگسیری، له‌ لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردبوو كه‌ له‌ به‌درێژایی كه‌ناره‌كانی كه‌نداوی به‌سڕه‌ و كه‌نداوی عومان ناوه‌ندی مووشه‌كی له‌ژێر زه‌ویدا دروست ده‌كرێن.