مەسرور بارزانی: نابێت بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بکرێتە کارتێکی فشار بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان


ئەمڕۆ سێشەممە 2020/12/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماکسیم ماکسیمۆڤ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا. جەخت لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و بەتایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا کرا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد و جەختی کردەوە کە نابێت بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، بکرێتە کارتێکی فشار بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان . گوتیشی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لە سەر بنەمای دەستوور .

سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی شنگال كرد بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە، لە پێناو ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.