سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی بەریتانی دەکات

مەسرور بارزانی رایگه‌یاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک له‌ به‌غدا لە سەر بنەمای دەستوور جێبەجێ کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 2020/12/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی بەریتانی کرد کە پێکهاتبوو لە جەیمس کلیڤەرلی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا ، جەیمس هیپی وەزیری هێزە چەکدارەکان  و ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق .

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا. شاندی بەریتانی ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی بەریتانیا بە ڕێز و ستایشەوە دەڕواننە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، ئامادەیی وڵاتەکەشیان دەربڕی بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی بەریتانیا لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستاندا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی هەڵوێستی دۆستانەی بەریتانیا ، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە سەر بنەمای دەستوور جێبەجێ کردووە ، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵیش  ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات.