ئه‌مه‌ریكا یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنا ڕه‌وانه‌ی ئه‌وروپا كرد

رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرنالی ئه‌مه‌ریكی دووپاتیكرده‌وه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌وه‌ یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنای ڤایزه‌ر له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ گواسترایه‌وه‌ كیشوه‌ری ئه‌وروپا.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كه‌ كۆمپانیای فرۆكه‌وانی یونایتد ئیرلاینز یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنای له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌ره‌و كیشوه‌ری ئه‌وروپا و به‌ دیاریكراوی به‌ره‌و برۆكسلی پایته‌ختی به‌لژیكا گواسته‌وه‌.

هه‌نارده‌كردنی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت به‌رپرسانی كه‌رتی ته‌ندروستی ئه‌و وڵاته‌ ئاشكرایانكرد به‌ر له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ پێكووته‌ی دژه‌ كۆرۆنا به‌ ملیۆنان هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی ده‌ده‌ن.

هاوكات رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی بریتانی ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشتڕاست كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند فرۆكه‌یه‌كی بارهه‌ڵگری ئه‌مه‌ریكی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی شیكاگۆوه‌ به‌ره‌و فڕۆكه‌خانه‌ی برۆكسلی پایته‌ختی به‌لژیكا به‌ڕێ كه‌وت كه‌ بڕێكی زۆر له‌ ڤاكسینی كۆرۆنای له‌ جۆری ڤایزه‌ر هه‌ڵگرتووه‌ و به‌ره‌و كیشوه‌ری ئه‌وروپا ده‌یگوازێته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌ ده‌سپێكی گرنگ وه‌سفكردووه‌ بۆ بڵاوه‌پێكردنیی ڤاكسینی كۆرۆنا به‌ جیهاندا ته‌نانه‌ت پێش ره‌زامه‌ندی كۆتایی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی.

هاوكات روونیشی كردۆته‌وه‌ ئه‌و فرۆكه‌یه‌یه‌ یه‌كه‌م گوژمه‌ی پێكووته‌ی كۆرۆنای گواستۆته‌وه‌ ساردكه‌ره‌وه‌یه‌كی پێشكه‌وتووی له‌خۆگرتووه‌ بۆ پاراستنی ڤاكسینه‌كه‌ له‌ كاتی گواستنه‌وه‌ی له‌ پله‌ی حه‌فتا پله‌ی سیلیزی ژێر سفری سه‌دی.

هاوكات كۆمپانیای ڤایزه‌ر له‌گه‌ڵ هیلی ئاسمانی یونایتد ئیرلاینز پلانی داناوه‌ ده‌یان گه‌شتی دیكه‌ش هاوشێوه‌ بۆ وڵاتانی جیهاندا رێكبخات بۆ ئه‌وه‌ی ڤاكسینه‌كه‌ له‌ زووترین كاتدا به‌ جیهاندا بڵاوببێته‌وه‌.