دوای کوشتنی فەخری زادە ئێران نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی ئه‌مریكا ده‌كات

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی هه‌ینی موحسین فه‌خریزاده‌ زانای دیاری ئه‌تۆمی ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی نامۆ له‌ ناو خاكی ئه‌و وڵاته‌ كوژرا، حكومه‌تی ئێران نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد و تێیدا هۆشداری دا له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێكی دووقۆڵی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران.

مه‌جید ته‌ختی ره‌وانچی نوێنه‌ری ئێران له‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی رێكخراوه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ نیشانه‌ی جیددی به‌دی ده‌كه‌ن كه‌ ئیسرائیل له‌ تیرۆركردنی موحسین فه‌خریزاده‌ دا ده‌ستی هه‌یه‌ و داواشی كرد ئه‌م تیرۆركردنه‌ ئیدانه بكات.

لای خۆشیه‌وه‌ فه‌رحان حه‌ق گوته‌بێژی به‌ ناوی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند: ئاگاداری ئه‌م راپۆرتانه‌ن و داوای كرد هه‌ر دوولا دان به‌خۆیان بگرن و دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ هه‌ر هه‌وڵێك كه‌ ببێته‌ هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخه‌كه‌.

موحسین فه‌خریزاده‌ سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئێران، دوێنی هه‌ینی 27ی تشرینی  دووه‌م له‌ یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانی شاری تارانی پایته‌ختی ئیران ته‌قه‌ی لێكرا و كوژرا.

تا ئێستا حكومه‌تی ئێران به‌ فه‌رمی ژماره‌ی قوربانییه‌كانی ئه‌م هێرشه‌ چه‌كدارییه‌ی رانه‌گه‌یاندووه‌، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نامه‌كه‌یدا نوێنه‌ری ئیران له‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ مافی خۆی ده‌زانێت ، هه‌نگاوی پێویست بۆ به‌رگری و داكۆكیكردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی بگرێته‌به‌ر.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌ر‌پرسانی ئێران كاردانه‌وه‌ی تووند له‌ دژی كوژرانی باوكی ئه‌تۆمی ئیران ده‌رده‌بڕن و په‌نجه‌ی تاوان ئاراسته‌ی ئیسرائیل ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئیسرائیل تا ئێستا هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی بۆ ئه‌مه‌ نه‌بووه‌.