قه‌باره‌ی بازرگانی ئێران له‌ هه‌شت مانگی رابردوودا له‌سه‌دا 20 كه‌می كردووه‌

قه‌باره‌ی بازرگانیی ئێران له‌ هه‌شت مانگی رابردوودا، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌مان قۆناغی ساڵی رابردوودا، له‌سه‌دا ٢٠ كه‌می كردووه و بووه‌ته‌ ٤٤ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار.

ته‌له‌ڤیزیۆنی فه‌رمی ئێران زانیارییه‌كانی سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی گومركی ئێران، مه‌هی میرشه‌ره‌فی بۆ هه‌شت مانگی یه‌كه‌م به‌پێی ساڵی هه‌تاوی (٢٠ی ئادار-٢٢ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٠) قه‌باره‌ی بازرگانیی ئێرانی له‌گه‌ڵ وڵاتان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌شت مانگه‌دا، قه‌باره‌ی بازرگانیی ده‌ره‌وه‌، ٤٤ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بووه‌ كه‌ ٢٣ ملیار ١٠٠ ملیۆن دۆلاری هاورده‌كردن و ٢١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاریشی هه‌نارده‌كردن بووه‌.

به‌پێی داتاكانی فه‌رمانگه‌ی گومركی ئێران له‌ هه‌مان قۆناغی ساڵی رابردوودا، قه‌باره‌ی بازرگانی ٥٦ ملیار دۆلار بووه‌ و به‌مه‌یش قه‌باره‌ی بازرگانی ئه‌م وڵاته‌ له‌سه‌دا ٢٠ كه‌می كردووه‌ .