سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ستایشی هه‌وڵه‌كانی فه‌ڕه‌نسا ده‌كات

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ كۆشكی ئیلیزێ، له‌گه‌ڵ ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكی فەڕه‌نسا كۆبوه‌وه‌ و جه‌ختیان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات له ‌بواره‌ جیاجیاكان كرده‌وه‌.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی له‌چوارچێوه‌ی گه‌شته‌كه‌یدا بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا،  ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ كۆشكی ئیلیزێ له‌ پاریس له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فڕه‌نسا كۆبوه‌وه‌.

له‌كۆبوونه‌وه‌ی نێوان مسته‌فا كازمی و ئیمانوێڵ ماكرۆن، په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و ڕێگاكانی په‌ره‌پێدانیان و پێداچونه‌وه‌ به‌ دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا كرا، هه‌روه‌ها بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند پرسێكی جێگه‌ی نیگه‌رانیی هه‌ردوولا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر چه‌ند ڕێگایه‌ك بۆ پته‌وكردنی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی نێوان عێراق و فەڕه‌نسا، به‌تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی ئابوری، ئه‌منی، كلتوری و شه‌ڕی دژی تیرۆر.

مسته‌فا كازمی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هیوای خواست، بۆ پته‌وكردنی دۆستایه‌تی نێوان  فەڕه‌نسا و عێراق و به‌هێزكردنی رێگاكانی هاوكاری هاوبه‌ش، به‌جۆرێك كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببات.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ستایشی هه‌وڵه‌كانی فەڕه‌نسای كرد بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك به‌مه‌به‌ستی پشتیوانیكردنی حكومه‌تی عێراق له‌جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك له‌بڕگه‌و مادده‌كانی به‌رنامه‌ی چاكسازیی حكومه‌ته‌كه‌ی.

له‌لای خۆشیه‌وه‌، ئیمانوێل ماكرۆن، جه‌ختی له‌ سه‌ر سوربونی وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه‌ بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق له‌ سه‌رجه‌م بواره‌ جیاجیاكاندا.