"باڵنده‌ی زه‌ریا" درێژترین كه‌شتی بارهه‌ڵگری چارۆكه‌دار له‌جیهاندا

درێژییه‌كه‌ی 200 مه‌تره‌

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "ده‌یلی مێل"ی بریتانی، كۆمپانیایه‌كی نه‌خشه‌سازیی سویدی چه‌مكێكی نوێی بۆ كه‌شتییه‌كی بارهه‌ڵگری "چارۆكه‌دار"ی گه‌وره‌ ئاشكرا كردووه‌ و ده‌ڵێ، "ده‌كرێ 90%ی ده‌رچوونی ئه‌و گازانه‌ كه‌م بكاته‌وه‌ كه‌ زیان به‌ ژینگه‌ ده‌گه‌یه‌نن".

 

ئه‌و كه‌شتییه‌ی ناوی نراوه‌ "ئۆشن بێرد" یان "باڵنده‌ی زه‌ریا" درێژییه‌كه‌ی 200 مه‌تره‌ و ده‌توانێ 7000 ئۆتۆمبێل هه‌ڵبگرێ به‌ تێكڕای خێرایی 10 گرێی ده‌ریایی (18.52 كیلۆمه‌تر) له‌ كاتژمێرێكدا.

 

"ئۆشن بێرد" نزیكه‌ی 12 رۆژی پێده‌چێ بۆ بڕینی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی، ئه‌م ماوه‌یه‌ش كه‌مێك زیاتره‌ له‌و ماوه‌یه‌ی‌ كه‌شتییه‌ بارهه‌ڵگره‌كانی ئێستا كه‌ به‌ سووته‌مه‌نی كارده‌كه‌ن تیایدا ئه‌و مه‌ودایه‌ ده‌بڕن، به‌ڵام ‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پاراستنی ژینگه‌ له‌م كه‌شتییه‌دا ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تێده‌په‌ڕێنێ.

 

كۆمپانیای "واڵینیۆس مارین"ی سویدی ده‌ڵێ: "بۆ هاوكاریكردن له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی گۆڕانی ئاووهه‌وا، كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانیی بار گواستنه‌وه‌ پێویستی به‌ گۆڕینی سووته‌مه‌نی نه‌وتی هه‌یه‌ بۆ وزه‌ی نوێ بووه‌وه‌".

ژێده‌ر: Kurdistan CT