روانگه‌ی سوریا: توركیا بۆ رازیكردنی هه‌ر چه‌كدارێكی به‌كرێگیراو 100 دۆلار ده‌داته‌ ده‌ڵاڵه‌كان

به‌ ئامانجی ره‌وانه‌كردنیان بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌ لیبیا

روانگه‌ی سوریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاشكرای كردووه‌ كه‌ گڕووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ توركیا به‌رده‌وامن له‌ راكێشانی سه‌دان گه‌نج به‌ ئامانجی ره‌وانه‌كردنیان بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ له‌ لیبیا.

هه‌روه‌ها روانگه‌كه‌ ده‌ڵێت: هێنانی به‌كرێگیراوه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیاوه‌ له‌ رێگای ده‌ڵاڵه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت و هه‌ر ده‌ڵاڵێك له‌به‌رامبه‌ر رازیكردنی یه‌ك چه‌كدار 100 تا 300 دۆلار وه‌رده‌گرێ.

روانگه‌ی سوریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌شڵێت: پڕۆسه‌ی هێنانی به‌كرێگیراوه‌كان به‌رده‌وامه‌و به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌نێو كه‌مپی ئاواره‌كانی ژێر ده‌ستی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ توركیا ده‌ست پێده‌كات.

روانگه‌كه‌ روونیشیكردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵاڵه‌كان له‌نێو كه‌مپه‌كانه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ڵێن پێدانیان به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌شكی باش، هه‌ڵده‌ستن به‌ رازیكردنی پیاوان و گه‌نجان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژێر باڵی توركیا له‌ لیبیا شه‌ڕ بكه‌ن.

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی / رزگار

ژێده‌ر/ سكای نیوز