ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پرۆژه‌ بڕیارێكی رووسیای له‌باره‌ی سووریا ره‌ت كرده‌وه‌

ئه‌مریكا، فه‌ڕه‌نسا، به‌ریتانیا و چه‌ندان وڵاتی دیكه‌ دژی بڕیاره‌كه‌ بوون

رووسیا دوای ئه‌وه‌ی میكانیزمی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تیی بۆ سووریا ڤیتۆ كرده‌وه‌، پێشنیازی ناردنی هاوكاری كرد بۆ شه‌ش مانگ ته‌نها له‌ یه‌ك ده‌روازه‌ سنوورییه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ره‌ت كرایه‌وه‌.


رووسیا دوای ئه‌وه‌ی میكانیزمی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تیی بۆ سووریا ڤیتۆ كرده‌وه‌، پێشنیازی ناردنی هاوكاری كرد بۆ شه‌ش مانگ ته‌نها له‌ یه‌ك ده‌روازه‌ سنوورییه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ره‌ت كرایه‌وه‌.

دوێنێ رووسیا له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییدا، نوێكردنه‌وه‌ی میكانیزمی هاوكاری مرۆیی بۆ سووریا له‌ڕێگه‌ی دوو ده‌روازه‌ی سنووریی له‌ توركیاوه‌ كه‌ ١٠ی ته‌مووز ماوه‌كه‌ی ته‌واو ده‌بێت ڤیتۆ كرده‌وه‌ و پرۆژه‌ بڕیارێكی پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ كرد.

پرۆژه‌ بڕیاره‌كه‌ی رووسیا كه‌ پێشنیازی ناردنی هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ده‌كرد له‌ توركیاوه‌ بۆ سووریا له‌ڕێگه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری بابولهه‌واوه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌دا نۆ ده‌نگی نه‌هێنا ره‌تكرایه‌وه‌.

له‌ كاتێكدا ئه‌مریكا، فه‌ڕه‌نسا، به‌ریتانیا، به‌لجیكا، ئیستۆنیا و كۆماری دۆمینیكان دژی بڕیاره‌كه‌ بوون، هه‌ریه‌ك له‌ تونس، نیجه‌ر، ئیندۆنێزیا و سانت فینسنت ده‌نگیان پێ نه‌دا و رووسیا، چین، ڤیێتنام و کۆماری باشووری ئەفریقا پشتیوانیان له‌ پرۆژه‌ بڕیاره‌كه‌ كرد.

له‌ژێر رۆشنایی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییدا، ته‌نها له‌ڕێگه‌ی دوو ده‌روازه‌ی سنووریی له‌ توركیاوه‌ له‌ بابوسه‌لامه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر ده‌روازه‌ی سنووریی ئۆنجوپناری توركیا، له‌گه‌ڵ بابولهه‌وا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر جیلڤه‌گۆزو هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌گه‌یه‌ندرێت به‌ سووریا.

دوای ڤیتۆكه‌ی دوێنێی رووسیا و چین، له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی واده‌ ئه‌ركی میكانیزمی له‌ ١٠ی ته‌مووزدا ئه‌گه‌ر بڕیارێكی دیكه‌ ده‌رنه‌كرێت ئه‌و ده‌روازه‌ سنوورییه‌ش به‌ڕووی تێپه‌ڕبوونی كاروانی هاوكارییدا داده‌خرێت و ئه‌و هاوكاریانه‌ راده‌گیرێن كه‌ زۆر گرنگن بۆ نزیكه‌ی سێ ملیۆن هاووڵاتی سووریا.