عێراق: لە مانگی حوزه‌یراندا به‌بڕی دوو ملیار و 861 ملیۆن و 140 هەزار دۆلار نه‌وت فرۆشراوه‌

عێراق داهاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی حوزەیرانی رابردووی ئاشکرا کرد

 

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند كە كۆی گشتیی داهاتی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی حوزیرانی رابردوودا، گەیشتووەتە دوو ملیار و 861 ملیۆن و 140 هەزار دۆلار.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا پشت بەستن بە ئاماری كۆتایی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (SOMO)، كۆی گشتیی داهاتی نەوتی هەناردەكراو لبۆ مانگی حوەزیرانی رابردوو، بڵاوكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە كۆی گشتیی بڕی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی حوەزیرانی رابردوودا، گەیشتووەتە 84 ملیۆن و 490 هەزار و 194 بەرمیل كە داهاتەكەی دوو ملیار و 861 ملیۆن و 140 هەزار دۆلار بووە.

لە راگەیەندراوەكەدا گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، عاسم جیهاد ئاماژەی بەوە داوە كە لە مانگی حوەزیرانی رابردوودا، بڕی نەوتی هەناردەكراو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، گەیشتووەتە 81 ملیۆن و حەوت هەزار و 675 بەرمیل .

عاسم جیهاد ئاشكرایشی كردووە كە بڕی نەوتی هەناردەكراوی كەركووك لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 482 هەزار و 519 بەرمیل.

باسی لەوەیش كردووە كە تێکڕای هەناردەكردنی نەوت رۆژانە گەیشتووەتە، دوو ملیۆن و 816 هەزار بەرمیل و روونیشی كردووەتەوە كە دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل رۆژانە لە بەندەرەكانی بەسرە و 116 هەزار بەرمیل رۆژانە لە كێڵگەكانی كەركووكەوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، هەناردەكراون.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، عاسم جیهاد هەروەها راشیگەیاندووە كە لە مانگی رابردوودا، یەك بەرمیل نەوت بە 33 دۆلار و 86 سەنت فرۆشراوە.